دیمانە

ئەحمەد خەلیل: لە نۆ ساڵییەوە کارم کردووە و پشتم بەخۆم بەستووە

"ئەحمەد خەلیل"گۆرانیبێژی ناسراوی کورد لەم دیمانە تایبەتییەی "کەی مەگەزین"ـدا چەندین نھێنی ژیانی ئاشکرا دەکات.

*دوا پرۆژەی ھونەریت چییە کە بۆ یەکەمجار لە "کەی مەگەزین" ئاشکرای بکەی؟
_ ئەلبوومێکم ئامادەیە و بەمزوانە بڵاوی دەکەمەوە، ئەلبوومەکەیش بەناوی "نەبەرد"ـە.
 
*یەکێک لە گۆرانییەکانت لە گۆرانییەکی بولگارییەوە وەرگیراوە، خەڵک ئەمە دەزانێ، یان خۆت ئاشکرات نەکردووە؟
_ لەھەموو شوێک ئەوەم گوتووە کە ئەو ئاوازەم وەگرتووە و کارم لەسەر کردووە، بەڵام تێکستەکەی کاری خۆمە.
 
*زۆر کەس دەڵێن تێکستەکەیش کاری خۆت نییە، وەڵام بۆ ئەو کەسانە چییە؟
_ دەتوانم بڵێم پەیوەندییەکی زۆری بەو گۆرانییەوە نییە.
 
* سوودت لە تێکستە بولگارییەکەیش وەرگرتووە؟ 
_ بەڵێ.
 
*ژیانی منداڵیت چۆنبوو؟
_ منداڵێکی ھاروھاج و عەجوول بووم، ھەر لە نۆ ساڵییەوە کارم کردووە و پشتم بەخۆم بەستووە، زۆربەی تەمەنیشم بەتەنھا بەسەربردووە.
 
*گەنجێکی قۆز و ناسراوی ھیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستیت ھەیە؟
_ لەئێستەدا نەخێر.
 
*ئەی پێشتر؟
_ بەڵێ ھەمبووە، دووجار خۆشەویستیم کردووە و نایکەم بەسێ.
 
*ھۆکار چییە ناتەوێ خۆشەویستی بکەیتەوە؟ 
_ ئەو عەشقەی ھەمە ناتوانم ڕەگەزی بەرامبەرمی پێ ئاسوودە بکەم، ئەو عەشقەی لەناو مندایە بۆ ھونەرم تەرخان کردووە.
 
*ھونەرکەت گرنگترە لە ڕەگەزی بەرامبەرت؟
_ بەڵێ.
 
*ئەی گووتەت بۆ دایکت چییە کە ڕەگەزی بەرامبەرتە؟
_ دەستی ماچ دەکەم، کاتێک دەزانم دایکم حەزی بۆ کارەکانم ھەیە زیاتر خۆم ماندوو دەکەم تاکوو کاری باشتر بکەم.
 
*ئەگەر لەداھاتوو ھاوسەرگیریت کرد دەتەوێ ئەو کەسە چۆنبێ؟
_ تا ئێستە بیرم لەھاوسەرگیری نەکردووەتەوە و ھەرگیز بیریشی لێ ناکەمەوە، بۆیەش ناتوانم بڕیاری لەسەر بدەم.

ئەحمەد خەلیل لەساڵی ١٩٨٤ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، لەساڵی ٢٠١٢ـەوە دەستی بەکاری ھونەری کردووە و تا ئێستەیش بەردەوامە. 
 

چۆنه‌ به‌لاته‌وه‌؟