دیمانە

"لارا عەبدوڵا" چەندین نھێنی ژیانی بۆ یەکەمینجار ئاشکرای کرد

"لارا عەبدوڵا" خانمە پێشکەشکار لەم دیمانە تایبەتییەی "کەی مەگەزین"ـدا وەڵامی چەندین پرسیاری ژیانی تایبەتی خۆی دەداتەوە.

* کە منداڵ بووی کەسێکی چۆن بووی؟
_ کچێکی ھاروھاج بووم و خوێن شیرین بووم، ھەموو کەسێک خۆشی دەویستم، ڕۆژانە لەبەر ھاروھاجییەکەم لەدوای دایک و باوکمیان دەنارد، بەڵام زۆر زیرەک بووم، لە ئێستەیشدا کە کچەکانم دەبینم زۆر ھێمن و لەسەرخۆن پێم سەیرە.
 
* دیارە منداڵەکانت بەخۆت نەچوونە؟
_ بەھیچ جۆرێک لەمن نەچوونە و ھاروھاج نین، کاتێک دەچمە قوتابخانەکەیان مامۆستاکانیان دەڵێن "کچەکانتان زۆر ھێمن و لەسەرخۆن".
 
* ژیانی گەنجیت چۆنبوو؟
_ ئەوکاتیش ھاروھاج بووم و ھەوادارێکی زۆرم ھەبوو، ئێستە ٣٧ ساڵم بەمشێوەیەم، ئەوکات زۆر جوانتربووم و ناوبانگم ھەبوو.

*چەند ساڵبووی کە ھاوسەرگیریت کرد؟
_ ٢٠ ساڵ دەبووم، واتە ١٧ ساڵە ھاوسەرگیریم کردووە.
 
*چۆنبوو بڕیاری ھاوسەرگیریتدا، بەخۆشەویستی ھاوسەرگیریت کرد؟
_ لەگەڵ ھەژاری ھاوسەرم یەکدیمان خۆشدەویست، ئەو داوای ھاوسەرگیری لێ کردم، بەڵام سەرەتاکەی من وامزانی ئەو بەگاڵتەیەتی، دواتر زۆر بەڕاستییەوە دەیویست ھاوسەرگیری بکەین، ئیدی ھاوسەرگیرییەکەمان کرد.
 
*چۆن پەیوەندیی خۆت و ھاوسەرەکەت درووست بوو؟
_ ئەو لەبەردەرگا منی بینی، من میوانی ماڵی مامم بووم، ماڵی مامیشم میوانی دیکەیان ھەبوو و کاتێک دەیانویست بڕۆن بەڕێیانم دەکرد، ئیدی ھەژار لەبەردەرگای ماڵی مامم منی بینی.
 
*داواکانت چیبوو لە ھەژار بەرامبەر شووکردنت؟
_ چیم لێویست؟ بڕوابکەن ھیچ.
 
*ھاوسەرەکەت پێی خۆشبوو کە بوویتە پێشکەشکار؟
_ ئەو پێی خۆشە زیاتر لەماڵەوەبم، پێی خۆشە بەخۆیی و بەماڵەوە فریا بکەوم، من مامۆستای وەرزشم، ھەژار پێی خۆشبوو لەبری پێشکەشکاری ھەر بەردەوامبم لە مامۆستایی، ئەو پێی خۆشنەبوو کاری پێشکەشکاری بکەم، چوونکە پێی وابوو ئەو کارە ماندووم دەکا.
 
*ئەی دوای ئەوەی بوویتە پێشکەشکار بۆچوونی ئەو چۆنبوو؟
_ ئێستە زۆری پێ خۆشە، سەرەتایش کە پێی ناخۆشبوو دڵپیسی لێ نەدەکردم، بەڵکوو لەبەر منی بوو، تاکوو ماندوو نەبم.
 
*ئەو عەشقەی سەرەتا لەنێوان خۆت و ھاوسەرەکەت ھەبوو، تا ئێستەیش ئەو عەشقمە ماوە یان کاڵبووەتەوە؟
_ ئێمە تا ئێستەیش بە عەشقەوە دەژێین، ئەوەی من بناسێ ئەوە دەزانێ کە لەژیانی ھاوسەریمدا زۆر سەرکەوتووبوم.
 
*لە بواری پێشکەشکاری و بازرگانیدا، کە بازرگانی پیشەی خۆت و ھاوسەرەکەتە تۆ کامیان ھەڵدەبژێری؟
_ بێگوومان پێشکەشکاری.
 
*بۆچی بواری پێشکەشکاریت ھەڵبژارد؟
_ لەئێستەدا خەڵک دەمناسێ، بەڵام دەمەوێ زیاتر بناسرێم.
 
*تەنھا لە ڕووی ویستن نا، بەڵام پێدەچێ وەکوو حەزیش حەزت لێبێ زیاتر بناسرێی؟
_ تا ڕادەیەکی نۆرماڵ بەڵێ.
 
*چۆن پەروەردەی منداڵەکانتان دەکەن؟
_ کاتێک منداڵبوون توندبووم لەگەڵیان، چوونکە من بڕوام بەوەنییە لەمنداڵ بگەڕێیت و پێشی بۆ چۆڵ بکەی لەوەی ویستییەتی، بەڵام لە ئێستەدا ھەموومان وەکوو ھاوڕێین.
 
* لەئێستەدا کچەکانت لەتەمەنێگی ھەرزەییدان، دوایی چەند ساڵێکی دیکە ویستیان ھەبێ ببنە ھونەرمەند یان پێشکەشکار ئێوە بۆچوونتان لەسەر ویستەکانی ئەوان چی دەبێ، لەکاتێکدا بۆچوونی تۆ و ھاوسەرەکەت لەو بوارە جیاوازە؟
_ من و ھەژاریش ئازادیمان بە منداڵەکانمان داوە لەو بوارانەدا، کچە گەورەکەم لەش و لارێکی جوانی ھەیە، حەزی لێیە ببیتە فاشیۆن، ئێمەیش ھاوکاری تەواومان کردووە و تەلەفۆنمان بۆ چەند شوێنێک کردووە و ناویمان نووسیوە.
 
*ھەندێک خەڵک ڕەخنەت لێ دەگرن دەربارەی ئەوەی لە بەرنامەکەت لەبری ئەوەی بڵێی "ماڵئاوا" دەڵێی "ماڵئاڤا" وەڵامت بۆ ئەو ڕەخنانە چییە؟
_ من خۆمم و ناتوانم بەجۆرێک بدوێم کە ئەوان دەیانەوێ، کوردی ھەر کوردییە و پێم سەیرە کە لە وشەکەم حاڵی دەبن بۆچی ڕەخنەی لێ دەگرن؟ من پێم خۆشە ڕەخنەم لێ بگیرێ، بەڵام ڕەخنەیەک کە بەمانای وشە ڕەخنەبێ، دواتر من پێم وایە ھەر کەسە و بە زاراوەی خۆی بدوێ جوانترە، من خەڵکی مەھابادم و بیرمان نەچێ مەھاباد یەکەم کۆماری کوردیی بووە.
 
*تاتۆیەک لەدەستت ھەیە، ئەو تاتۆیە چۆنە؟ لەشوێنی دیکەی جەستەت تاتۆی دیکە ھەیە؟
_ ئەوە لەزگەیە و لەھیچ شوێنێکی دیکە نیمە، پێم خۆشە تاتۆی ڕاستی درووست بکەم، بەڵام نازانم کەی.

 

*پێت خۆشە لە بەرنامەیەکی لایڤ ببیتە پێشکەشکار؟
_ پێم خۆشبوو ببم، بەڵام من لەخانەوادەیەکی بەناوبانگم و نامەوێ قسەم بێتەوە سەر کە بگووترێ بەرنامەیەکی ناشرینی پێشکەش کردووە، بەرنامەی "ماڵئاوا" لەنێو خەڵکدایە و لایڤیش نییە، من دڵخۆشم بەو بەرنامەیە.
 
*خۆت بەپێشکەشکارێکی سەرکەوتوو دەبینی؟
_ بەڵێ.
 
*چ شتێک خۆشحاڵت دەکا؟
_ قسەی خۆش و بەزمی خۆش، ھەڵپەڕین و سەما، بەدەنگی بەرز و قیژە قیژە ئاسوودەم.
 
*لەنێوان خۆت و ھاوسەرەکەت کاماتان سوپرایزی زیاتر بۆ یەکدی دەکەن؟
_ ھاوسەرەکەم زۆر زیاتر دەیکا، تا ئێستەیش ھەفتەی دووجار گوڵم بۆ دێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە من زۆر بەکەمی سوپرایزی بۆ دەکەم، ڕەنگە لە ھەموو ژیانما دووجار سوپرایزم بۆی نەکردبێ.

 

*لە بەرنامەکەت بەنیازی ھیچ گۆڕانکارییەکن؟
_ بەڵێ بەنیازین.

"لارا عەبدوڵا" کەمالی ساڵی ١٩٨٠ لە دایکبووە و ماوەی چوار ساڵە لە باشووری کوردستان ژیان بەسەر دەبات، لە ڕۆژھەڵات بەکالاریۆسی تەواوکردووە لە ئەدەباتی فارسیدا، مامۆستای وەرزش بووە، ھاوسەرەکەی ناوی ھەژارە و دوو کچیان ھەیە.

چۆنه‌ به‌لاته‌وه‌؟