دیمانە

شانۆ بەکر فەرەج: لە یەکێک زویربم ئاشتبوونەوەم زۆر قورسە

شانۆ بەکر فەرەج" خانمە پێشکەشکاری ناسراوی کەناڵی "ئێن ئار تی٢" لەم دیمانەیەی "کەی مەگەزین" بۆ یەکەمجار چەندین نھێنی ژیانی و کارەکانی ئاشکرا دەکات.

* لە دیمانەیەکت دەڵێی حەزدەکەم ھاوسەرەکەم ڕۆمانسیبێت و ھەموو شەوێک گوڵم بۆ بێنیت، ھاوسەرەکەت بەم شێوەیەیە؟
_ ھەموو شەوێک گوڵم بۆ نەھێنێ، تەنھا لە بۆنەکاندا، بەڵام زۆر کاتیش بیری دەخەمەوە "بە پیکەنینەوە".

 

* ژیانی منداڵێت چۆنبوو؟
_ ژیانی مناڵیم زۆر خۆشبوو، چونکە ھەموو کات سەرقاڵبووم بە چالاکییەوە، دەتوانم بڵێم ھاوکارییەکانی دایکم و باوکم دڵخۆشتریان دەکردم ئەو کاتانەی چالاکییەکم ھەبووایە لە ڕەوزە ھەر لەگەڵمبوون.

* حەزت بۆ ھونەر ھەر لە بنەماڵەکەتەوە ڕێچکەی گرتووە یان خۆت وەکو بەھرە تێتدابووە؟
_ بنەماڵەکەم بەدەر لە باوکم کەسی دیکەیان لە بواری ھونەردا کاریان نەکردووە، وە حەزم بۆ ھونەریش لە باوکمەوە بووە، کە زۆر ھاندەرم بووە و ھەمیشە دایکم و باوکم حەزیان دەکرد من ببینن لە کاتی کارێکی ھونەریدا.

 

* ھەڵە نەبین دەرچووی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی و ئامێری عود دەژەنی، بۆچی ھونەر و بە تایبەت تر ئامێری عودت ھەڵبژارد؟
_ بەڵێ من دەرچووی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانم لە بەشی موزیک، لە سەرەتادا کە چوومە ناو ژیانی ھونەری مۆسیقاوە ئامێری کەمانم ھەڵبژارد، بەلام دواتر کە چومە پەیمانگە بینیم کچ کەمە کە ئامێری عوود بژەنێ، بۆیە من حەزم کرد ئەو ئامێرە ھەڵبژێرم بەدەر لەوە حەزێکی زۆرم ھەبوو بۆ ئامێری عوود.

 

* باس دەکرێت کەسێکی ھاوڕێیکانت زۆر خۆشدەوێ، بەڵام لە یەکێک لە توڕە بیت لە ئاشتبوونەوە تۆزێک ئەستەمی، بە جۆرێکی دیکە بڵێم لەگەڵ ھاوسەرەکەیشت ھەر وایت؟
_ ھاورێکانم زۆر خۆشدەوێ، راستە لە یەکێک زویربم ئاشتبوونەوەم زۆر قورسە.

 

* تەمەنێکی بچووک ناوبانگێکی زۆر و ھونەرێکی جوان، وە شووشت کردووە، شانۆ تاکو ئێرە بوو و تەواو؟ چی دیکە ھەیە مابێت ھەوڵی بۆ بدەی و ئەنجامی بدەی؟
_ ھەڵبەتە من ئەو کارانەی دەیکەم ئەوەندەی بە لامەوە گرنگە کارێکی باش بکەم ھێندە بە لامەوە گرنگ نیە بەناوبانگ بم، بینەرەکانم لێم رازیبن لە ناوبانگی خۆشترە، من تا ئێستە بەردەوامم لە کاری موزیک و پێشکەشکاری، دیارە ویستیشم زۆرترە و دەمەوێ کاری زیاتر بکەم لە ھەردوو بوارەکەدا، بۆیە من ھەر ھەوڵ دەدەم و ناوەستم.
 
* ئەوەی ئێمە بیستوومانە باوکت لە ڕۆژی ڤالانتاین دوو گوڵ دێنیتەوە یەکێکیان بۆ تۆیە ئەوی دیکە بۆ دایکتە بۆچی لەم ڕۆژە گوڵ تەنیا بۆ ئەو دووانەتان دێنیتەوە؟
_ ھەموو ۱٤/٢ـیەک باوکم دوو گوڵی ھێناوە بۆمن و دایکم، بەو پێیەی باوکم لەگەڵمان زۆر بە باشی ڕەفتار دەکات بۆیە دڵنیام گوڵ بەس بۆ من و دایکم دەھێنێ "باش ئەم زانیاریەتان وەرگرتووە". 
 
* ئەوە دەزانین کە باوکت ھونەرمەندێکی ناسراوە و ھاوکاری تۆیە ئەگەر باوکت ھونەرمەند و کەسێکی ناو ڕاگەیاندن نەبوایە ئێستە ئەو شانۆیە دەبووی؟
_ گەر باوکیشم لە بوارەکەدا نەبوایە دڵنیام ھاوکارێکی باشم دەبوو لە ھەردوو بوارەکەدا، بۆیە بروام وایە ئەم شانۆیە دەبووم و ئەویش بە ھاوکاریەکانی دایکم و باوکم.  
 
* مەرجەکانی تۆ بۆ ھاوسەرەکەت چی بوو کە شووت پێ کرد؟
_ مەرجی من تەنھا ئەوەبوو "ھاوکام بێت لەو کارانەی دەیکەم ڕێگر نەبی لەو دوو بوارەی ھەڵمبژاردووە".

 

* خۆشەویستی پێش ھاوسەرگیری و دوای ھاوسەرگیری کامیان بەھێزترە؟
_ خۆشەویستی پێش ھاوسەرگیری و دوای ھاوسەرگیری بەبۆچوونی من ھەر یەک و جۆرە خۆشەویستییە.

 

* بڕیاردان لە ھەر شتێکی ژیانت تەنیا خۆت دەیدەی یان بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسێکی دیارکراوی ژیانت؟
_ لە ھەموو کارێکمدا پێش ئەوەی بیکەم  سەرەتا پرس و ڕا بە باوکم و دایکم و ھاوسەرەکەم دەکەم، ئینجا بریار دەدەم.

 

* بۆچی لە ڕادیۆوە دەستت بە کاری پێشکەشکاری کرد؟
_ کاری کردنم لە رادێۆ وەک پێشکەشکار ھەلێک بوو بۆم گونجا، ئەگینا پێش ئەوەی لە ڕادیۆش کار بکەم داوام لێکرابوو لە چەند تیڤیەکی دیکەوە، بۆیە دەمتوانی پێش رادێۆ بچمە تیڤیەک.

 

* چوونت بۆ کاری تیڤی و پێشکەشکردنی بەرنامە لەسەر داوای کەناڵەکە بوو یان خۆت ھەوڵتدا؟
_ ھەروەک ئاماژەم پێکرد لە چەند کەناڵێکی دیکەوە پێم گووترابوو، ئێن ئارتیش بە ھەمان شێوە، بەڵام لەو کاتەدا بۆ من نەگونجا بەس دواتر لەبەر پڕ بینەری و لایەنی ھونەری کەناڵی ئێن ئارتی دوو کە زۆر بە دڵم بوو چوومە ئەوێ و لەگەڵ چونیشم بۆ ئێن ئارتی ڕۆژێک دواتر یەکسەر بەرنامەم کرد، ھەڵبەتە دڵخۆشیەکی زۆر بوو بۆ من.

 

* تا چەندی دیکە لە بەرنامەی "خوانێک" بەردەوام دەبی، ئاسوودەی لە پێشکەشکردنی بەرنامەکە؟
_ تا ئەو کات لە بەرنامەی خوانێک بەردوام دەبم کە بەرنامەکە بەردەوام بێت، وە زۆریش پێی ئاسوودەم، ڕاستە لە کاتی ئامادەکردن و وێنەگرتنی بەرنامەکە زۆر ماندوو دەبین، بەڵام لە کۆتایدا بە دڵبوونی بینەر مانوێتیمان بیر دەباتەوە، وە زۆریش ئاسوودەم لەگەل بەرنامەکەم.  
 
* حەز بە دەنگی کێ دەکەی لە گۆرانیبێژە خانمەکان و پیاوەکان؟
_ زۆر گوێ لە گۆرانی دەگرم، بۆیە دەتوانم بڵێم گوێ بیستی زۆربەی گۆرانیەکانی خانم و پیاوە گۆرانیبێژەکانم. 
 
* پێشکەشکاری بەرنامەی "خوانێک"ـی خۆت حەز بە چ خواردنێک دەکەی و لە چ خواردنێک زۆر کابانی؟
_ حەز بە ھەموو جۆرە خواردنێک دەکەم، وە ھەموو خواردنێکیش دەخۆم، بەڵام شفتە و یاپراخ زۆر تایبەتن لەلام و یەکەم خواردنیش کە دروستم کرد شفتە بوو، بەڵام بە داخەوە سەقەتم کرد و دایکم فریام کەوت، ئێستە دەتوانم بڵێم کابانێکی باشی برنج و شلەم، ھەرچەندە زۆر ئاسانە. 
 
* چیڕۆکی ھاوسەرگیریت چۆن بوو؟
_ چیرۆکی ھاوسەرگیریم :_ من لە سەرەتاوە تەنھا ناوی ھاوسەرەکەم بیستبوو، بەو پێیەی کوڕی پوری ھۆزانی ھاورێم بوو، بەڵام لە نزیکەوە یەکمان نە دەناسی دواتر لە ئاھەنگێکی ھاوسەرگیری یەکمان بینی و دواتر قسەمان کرد، دەتوانم بڵێم دایکم و باوکیشم کاتێک بۆ یەکەمجار یەکیان بینبوو لە ئاھەنگی ھاوسەرگیری بوو.
 
* جگە لە بەرنامەکەی خۆت حەز بە پێشکەشکردنی چ بەرنامەیەکی دیکە دەکەی؟
_ بێگومان خۆشە کاتێک کە بەرنامەیەک دەکەی، بەڵام  زۆرم حەز لە بەرنامەی راستەوخۆیە و دڵخۆشم کاتێک بە راستەوخۆ دەچمە ناو خەڵکەوە بۆ بەرنامە.

چۆنه‌ به‌لاته‌وه‌؟