دیمانە

"شایی عوسمان" چەندین نھێنی ژیانی ئاشکرا دەکات

"شایی عوسمان" پێشکەشکاری بەرنامەی "چێژبڕکێ" لە کەناڵی ئاسمانی "کوردماکس شۆ" لە دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ "کەی مەگەزین" وەڵامی ھەندێک پرسیار دەداتەوە.

* حەز لە چ خواردنێک دەکەی؟
_ حەز دەکەم ئەو خواردنەی دەیخۆم توند بێت، حەزم لە ترشی نییە، وە "دۆڵمە" لەلای من خۆشترین خواردنە.

 

* لەنێوان پێشکەشکاری و سەمادا کامیانت پێخۆشترە؟
_ ھەردووکیان لەلای من خۆشەویستن و جیاوازی نییە لەلای من، وە خۆشم ھەردوو بەشم ھەڵبژاردووە، میوزیک و ڕاگەیاندن و سەمام بەلاوە خۆشەویستە، چونکە لەکۆتایی ھەمووی دەگەڕێتەوە بۆ یەک خاڵ، ئەویش خزمەتکردنە بە کوردستان، بۆیەش کارکردن لە ھونەر بەلای منەوە پیرۆزە.

 

* چ قسەیەکت بۆ شێف "ئەحمەد" ھەیە کە ڕووبەڕوو پێت نەوتبێ و بتەوێ لێرەوە پێی بڵێی؟
_ ھەروەکو دەزانن من و شێف "ئەحمەد" ھەردووکمان بەرنامەکە پێشکەش دەکەین، من وەکو پێشکەشکاری سەرەکی، ھەروەھا "شێف ئەحمەد" وەکو شێفێک کارەکانی زۆر بەباشی دەکات، ھەردووکمان تەواوکەری یەکدین، ھیچ قسەیەکیش نییە کە بە شێفم نەگوتبێ و لەدڵم بێت، ھەر قسەکەیشم ھەبێت بەرامبەر کەسەکە خۆی دەیکەم.

 

* خۆشەوییستترین کەسی ژیانت کێیە کە بۆی گریابیت و لەگەڵی پێکەنیبی؟
_ لە ڕاستیدا ڕقم لە ھیچ کەسێک نییە، بەڵام زۆر درەنگ کەسەکانم خۆشدەوێ، بە دەگمەن کەسێکم خۆشدەوێت، ئەگەر کەسێکم خۆشویست کەسەکە منیش بکوژێت ھەر خۆشەویستە لەلام، کەسێکی توڕەم، بەڵام زۆر کەم ئەم توڕەییم پیشانی کەسی بەرامبەر دەدەم و لەگەڵی ھەمیشە ڕووخۆشم، وە بۆ وەڵامی پرسیارەکەش ھیچ کەسێک نییە لەژیانم بۆی گریابم.
 

 

* ئەو کەسانەی ڕەخنەت لێدەگرن، ڕەخنەی چیت لێدەگرن؟، تۆ چۆن ڕەخنەکە وەردەگری؟
خۆت بەلاوە جوانە؟
_ ڕەحنە لە ھەموو کارێک ڕوودەدات، ئەگەر من زۆر سەرکەوتووشبم لە کارەکەم، وە ھەموو خەڵکی لێم ڕازی بێت، بەڵام لە کۆتایی ھەر کەسێک ھەیە ڕەخنەی ھەبێت، بەڵی ڕەحنە لەسەر زۆر شتی من ھەیە، نموونە لەسەر ماکیاژ و پرچ و جل و بەرگەم، واتە ڕەخنە لەسەر شتی زۆر ئاسایی ھەیە، وە من ئەو ڕەخنانە بە دڵێکی گەورەوە وەردەگرم، چونکە ڕەخنە ئەگەر بە ئامانجی دروستکردنی کەسەکان بێت شتێکی باشە و دەبێ وەریگرێ، زۆر کەس سەیری بەرنامەکە دەکات و بەردەوام پەیامی دەستخۆشیم بۆ دێت، بەدڵنیاییەوە ڕووخساری ھەر کەسێکمان دروستکەری خودایە لەبەر ئەوە گلەییم لە ڕووخساری خۆم نییە.

 

* بۆچی لەبەرنامەکەت پیاو بانگێشت ناکەی؟
_ ھەروەکو دەزانن زیاتر خانمان لەماڵەوە نان ئامادە دەکەن، بۆیە تا ئێستە خانمان بۆ بەرنامەکە ھاتوون، بەڵام لە داھاتوو ھەوڵدەدەین پیاویش بانگێشت بکەین.

 

* پێت وایە ئەگەر خۆشت وەکو بەشداربوو بێیتە ناو بەرنامەی "چێبرکێ" سەرکەوتوو دەبیت لە خواردن دروستکردن؟
_ "بەپێکەنێنەوە" پێم وایە سەرکەوتووبم، چونکە لە ماڵەوە خۆم خواردن بۆ خێزانەکەم ئامادە دەکەم.

 

* بۆچی یەکەم وێستگەی ڕاگەیاندن "کوردماکس شۆ"ـت ھەڵبژارد؟
_ خۆم ویستم ببمە پێشکەشکار و سەردانی کەناڵی "کوردماکس شۆ"ـم کرد، دوای چاوپێکەوتن و چەندین تێست کە بۆم کرا، لە تێستەکان دەرچووم و بەرنامەی "چێژبرکێ"ـیان بۆ دیاری کردم.

چۆنه‌ به‌لاته‌وه‌؟