تەندروستی

توڕەبوون مرۆڤ تووشی شەش نەخۆشی دەکات

توڕەبوون یەکێکە لەھەستە ھەرە نەرێنییەکان لەمرۆڤدا، بەمەیش لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە زیان بەلەش دەگەیەنێت، بەتایبەتیش زیان بەئەندامی دڵ دەگەیەنێت.

لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەیسەلمێنن توڕەبوون کە لەئەنجامی ھەڵچوونی دەروونی پەیدادەبێت، کاریگەری لەسەر ماندوبوونی ئەندامەکانی لەش دەبێت، بۆیە دەبێت ئاگەداری ھەڵچوونی دەروونی و توڕەبوون ببن، بەھۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی شەش نەخۆشی مەترسیدار دەکات.
 

ئەوانیش بریتیین لە:
*نەخۆشی دڵ: کاتێک توڕدەبن، بڕی خوێن لەناو دڵ زیاد دەبێت، بەھۆی ھەڵچوونی توندیش ماسوولکەکانی دڵ لاواز دەبن، بۆیە ئەو کەسانەی بەخێرایی ھەڵدەچن بەڕێژەی ٨% تووشی نەخۆشی دڵ دێن، بەھۆی ئەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بەرزدەبێتەوە، لێدانەکانی دڵ زیاد دەکات، موولولەکانی خوێن تەسک دەبنەوە، بەمەیش ئەگەری توشبوون بەجەڵتەی دڵ زیاد دەبێت.
*نەخۆشی شەکرە: ھەڵچوونی دەروونی دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێن، ڕەنگە لەناکاو ببێتە ھۆی کوێری چاوەکان، بەھۆی ئەوەی کاریگەری خێرا لەسەر موولولەکانی چاوەکان دەبێت.
*ھەوکردنی پووکەکان: بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی "ھارڤارد" ٤٥% ـی ئەو کەسانەی کە خێرا توڕەدەبن تووشی ھەوکردنی پووک دەبن، بەھۆی ئەوەی ڕێژەی ھۆڕمۆنی ئەنسۆلین لە موولولەکانی ناوچەی دەم زیاتر بەرزدەبێتەوە.
*نەخۆشی پێست: بەتایبەتی پەیدابوونی زیبکەی گەنجانە، بەھۆی ئەوەی ھۆڕمۆنی دڵەڕاوکێی زیاد دەبێت بەھۆی ھەڵچوونی دەروونی، توڕەبوون کاریگەری لەسەر زیادبوونی ھۆڕمۆنی "تسترۆستین" دەبێت کە بەھۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی زیبکەی گەنجانە دادەنرێت، ھەرچەندەیش توڕەیی زیادببێت برین و ھەوکردنی پێست درەنگتر چاک دەبنەوە.
*قەبزی: ھەستکردن بە توڕەیی زیان بەکەناڵی ھەرس دەگەیەنێت، بۆیە مرۆڤ تووشی نەخۆشی قۆڵۆن دەکات، ھەروەھا بەھۆی زیادبوونی ترشییەنی ناو گەدە، ڕەنگە مرۆڤ تووشی برینی گەدە بکات.
*ئازاری پشت: لەگەڵ ھەست کردن بەدڵەڕاوکێی و توڕەیی و دوودڵی، پاڵپەستۆی خوێن زیاد دەکات و لێدانەکانی دڵیش زیاد دەکات، زیانیش بەگرژبوونی ماسوولکەکانی پشت و مل دەگەیەنێت، جووڵەی جەستە و چالاکی ڕۆژانەی ناو لەش کەم دەکاتەوە.

چۆنه‌ به‌لاته‌وه‌؟